پەیامەکانی نوور

باش بزانن ئەم بەهارى تەمەن و جوانىیەى ژیانتان کە ئێستا لەزەتى لێ دەبینن، بێ هیچ گومانێک دەڕوات و نامێنێت. جا ئەگەر خۆتان لە چوارچێوەى سنوورەکانى شەرعدا نەهێڵنەوە و لەو سنوورانە دەربچن، ئەوا لاوىیەکەتان زایە دەبێت و بە خۆڕایى لەکیستان دەچێت و، چ لە دنیا و چ لە گۆڕ و چ لە قیامەتدا ئەوەندە گیروگرفتتان دەهێنێتە ڕێ کە لەو تام و لەزەتەى لاوى و تەمەنى دنیاتان گەلێ زۆر و زیاتر بێت. بەڵام ئەگەر بەهارى لاویتان لە: دەروونپاکى و پارێزگاریى شەرەف و گوآڕایەڵیى خوادا بردە سەر، بەوەى کە خۆتان بە پەروەردەى ئیسلام پێگەیاند و بەمەش شوکرانەى ئەو نیعمەتى لاوى و گەنجىیەتان دەربڕى کە خواوەند پێى بەخشیون، ئەوا لە مەعنا و ناوەرۆکدا، ئەو سەردەمى لاوىیەتان دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت و، دەبێت بە هۆیەک بۆ دەستکەوتنى لاوىیەکى هەمیشەیى لە بەهەشتى نەمرى و هەتاهەتایىدا.
"ژیان" گەر لە "ئیمان" بەتاڵ ببێت، یان بەهۆى زۆریى گوناهبارى و سەرپێچىکردنەوە لە فەرمانەکانى خواى گەورە، کاریگەریى ئیمانى تێدا نەمابێت، ئەوا لەگەڵ تام و لەزەتە ڕواڵەتى و کـــەم خـایەن و کـورتەکانىدا، چەندین ئەوەندەى ئەو تام و لەزەتانە خەم و خەفەت و ئازار دەرخواردى مرۆڤ دەدات.
چونکە لەبەر ئەوەى مرۆڤ عەقڵ و بیرى دراوەتێ، ئەوا پەیوەندىیەکى سروشتیى بەتینى لەگەڵ ڕابوردوو و داهاتووىدا هەیە، سەرەڕاى کاتى ئێستاى. ئەم پەیوەندىیەى لەگەڵ ئەو کاتانەدا هێندە بەتینە کە دەتوانێت تامى لەزەتەکانى ئەو سەردەمانە و ئازارەکانیان بچێژێت، بە پێچەوانەى ئاژەڵ کە خەم و پەژارەکانى ڕابوردوو و مەترسىیە چاوەڕوان کراوەکانى داهاتوویش، لەزەتەکانى کاتى ئێستاى لێناشێوێنن و تێکىنادەن، چونکە بیرکردنەوەى نەدراوەتێ.
لەبەر ئەوەیە کە ئەو کەسەى بەرەو شیوى "گومڕایى" بەربووەتەوە و، "بێئاگایى"ش بە تەواوى هەر شەشدەرى لێ گرتووە، خەفەتەکانى بۆ کاتەکانى ڕابوردووى و دڵەتەپێ و نیگەرانىیەکانیشى بۆ دواڕۆژى، تامى لەزەتەکانى ئێستاى ناهێڵن و ژیانى بە خەم و ئازار و خەیالڕ لێ دەشێوێنن، بە تایبەت لەزەتە ناڕەواکان کە وەک هەنگوینى ژەهراوى وان.
واتە لە ڕووى چەشتنى تام و لەزەتەکانى ژیانى دنیاوە، مرۆڤ سەد پلە لە خوار ئاژەڵەوەیە، تەنانەت "ژیان" و "بوون" و "جیهان"ى گومڕا و بێئاگایان تەنها ئەمڕۆ و کاتى ئێستایانە. چونکە کاتە بەسەرچووەکان و هەرچىیەکیان تێدایە، بە حوکمى گومڕایىیەکەیان، "نەبوو" و "مردوو"ن، ئیتر لەوێوە هەموو جۆرە تاریکىیەکیان ئاراستە دەکرێت و تیاىدا دەتلێنەوە.. کاتەکانى داهاتوویش سەبارەت بەوان، بەهەمان جۆر، شتانێکى"نەبوو"ن، چونکە ئەوان باوەڕیان بە "غەیب" نىیە، کەواتە ئەو جودایىیە هەمیشەیىیانەى کە تەواو نابن و لەبن نایەن، ژیانى ئەوانە بە چەندین تاریکیى ڕەش پڕ دەکات، مادەم داراى عەقڵ و ژیرى بن و لەگەڵ ئەوەشدا ئینکاریى حەشر و زیندووبوونەوە بکەن.
بەڵام ئەگەر "ئیمان" ببێت بە "ژیان"ى ژیان و تیشکى خۆى بهاوێتە ناو ژیانەوە، ئەوا هەموو کاتەکانى ڕابوردوو و داهاتوو ڕووناک دەبنەوە و "مانەوە"یان دەست دەکەوێت و لە گۆشەى ئیمانەوە، چەندین تام و چێژى مەعنەوى و بەرز و ڕووناکى "بوون" و "مانەوە" بە "دڵ" و "گیان"ى مرۆڤى ئیماندار دەبەخشن.
ئەم ڕاستىیە، لە ئومێدى حەوتەمى "پەیامى پیران"دا بە تەواوى ڕوون کراوەتەوە، با سەیر بکرێت . ژیان ئاوایە.. جا ئەگەر دەتانەوێت تامى ژیان بچێژن، ئەوا ژیانتان بە "ئیمان" بژییەنن و، بە ئەنجامدانى فەرزەکان بیڕازێننەوە و، بە دوورەپەرێزیشتان لە سەرپێچیى فەرمانەکانى خواوەند پارێزگاریى بکەن.

بەدیعوززەمان سەعیدى نوورسى
وتەکان
Shiwarazy Shiwarazy
22-25, M
Dec 15, 2012